728x90 شفرة ادسنس

  • دوا هه‌واڵ

    الاثنين، 27 يوليو 2015

    چیرۆكەكانی ...ژیان.

    خانم:چیرۆكەكانی ...ژیان.
    خانم :چیرۆكەكانی ...ژیان

    چیرۆكەكانی ...ژیان.




    چیرۆكەكانی ...ژیان..
    --------------------------
    هیچ كێشەیەكم لەگەڵ خێزانەكەم و خەڵكدا نییە، تەنیا كێشەیەك لەنێو دڵمدایە و پێم چارەسەر نابێت". ئەمە دوا پەیامی هەژاری تەمەن 32 ساڵ بوو كە بەرلەوەی خۆی بخنكێنێ‌، بە قەڵەم ماجیكی منداڵەكەی لەسەر پارچە كاغەزێك نووسیبووی.
    هەژار عەبدولجەبار، شەوی 29/6/2015 لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لە گەڕەكی ئاشتی لە شاری هەولێر خۆی هەڵواسی و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. بەپێی دوا پەیامی بێت هیچ كێشەیەكی لەگەڵ خێزانەكەیدا نەبووە، بەڵام ئێستا هاوژینەكەی تووشی گەورەترین كێشە بووە و تەنانەت نازانێت گۆڕی مێردەكەی لە كوێیە.
    بەپێی گێڕانەوەكانی جوان عەلی كە هاوژین و هاوتەمەنی هەژارە، 10 ساڵ لەمەوبەر هەژار بۆ تەواوكردنی مامەڵەیەكی باوكی، دەچێتە ئەو فەرمانگەیەی كە جوان دەوامی تێدا دەكرد، لەوێ‌ یەكدی دەناسن و دواتر دەبنە هاوژینی یەكدی. بەری ئەو هاوژینییەیان دوو منداڵ بووە (هەنار 9 ساڵ و هونەر 2 ساڵ).
    كێشەی بووك و خەسوو
    بەڵام سەرەتای ژیانی هاوژینیەكەیان بە كێشە دەستی پێكرد، جوان دەڵێت "من خەڵكی هەولێرم و هەژاریش خەڵكی كەركووك بوو، لە هەولێر كاری وەرگێڕانی بۆ كۆمپانیایەك دەكرد. دایكی دژی هاوژینییەكەمان بوو، رازی نەدەبوو هەژار لە هەولێر نیشتەجێ‌ ببێ‌، بەڵام هەژار بڕیاری خۆی دا". گوتیشی "لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا دایكی هەژار بۆ جارێكیش سەردانی نەكردین، بەڵام ئێمە سەردانمان دەكرد".
    سەرەڕای ئەوەی جوان لە هەولێر بووە و دایكی هەژاریش لە كەركووك بووە، بەڵام بەردەوام كێشە لە نێوانیاندا هەبووە "هێندەی دووریی نێوان كەركووك و هەولێر كێشە كەوتبووە نێوان من و خەسووم، ئەو بەهیچ شێوەیەك منی نەدەویست، تەنیا كێشەی من و هەژار دایكی بوو، بەردەوام كێشەی بۆ دروست دەكردین".
    باسی مردن و گۆڕستانی كردبوو
    جوان بەدەم گریانەوە بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ژیانی لەگەڵ هەژار و باسی لەوە دەكرد كە هەژار ماوەیەك بوو ژانەسەرێكی سەختی دەگرت، دەشڵێت "هەتا رۆژێك پێش خۆخنكاندنی باسی لە گۆڕستان كرد و دەیگوت لە گۆڕستانی دۆڵە بەكرە بمنێژن".
    جوان باس لەو رۆژە دەكات كە بۆ دواجار هەژاری بینیوە "ماوەی ساڵێكە باوكم مردووە، بۆیە زۆربەی كاتەكان لەلای دایكم لەوێ‌ دەماینەوە، هەژار رۆژانە دەچووە سەر كاری خۆی. رۆژی رووداوەكە پێش رۆیشتنی ماچێكی كردم، تەنانەت ترسا رۆژووەكەی بەتاڵ بووبێتەوە. دواتر رۆیشتەوە ماڵی خۆمان لە گەڕەكی ئاشتی و گوتی ئەمشەو لە ماڵەوە دەمێنمەوە، پێشی گوتم ئاگات لە منداڵەكان بێت".

    بەپێی زانیارییەكان هەژار شەو و رۆژێك بە خنكاوی لە ماڵەكەی خۆیدا ماوەتەوە، بەڵام جوان لەم ماوەیە پەیوەندی پێوە نەكردووە. جوان دەڵێت "هەژار عادەتی وابوو حەزی نەدەكرد تەلەفۆنی بۆ بكەم و دەیگوت خۆم بۆت دەكەم، بۆیە منیش تەلەفۆنم بۆ نەكرد".
    سەفەرەكەی هەژار





    "هاوڕێیان بەیانی سەفەر دەكەم، گەردنم ئازاد بكەن". ئەمە دوا پۆستی هەژار بووە لە فەیسبووكەكەی. بەڵام جوان ئاگاداری ئەمە نەبووە، تاوەكو برایەكی هەژار تەلەفۆنی بۆ دەكات و دەڵێت "جوان، هەژار سەفەری كردووە؟".
    جوان دەڵێت "تووشی سەرسوڕمان بووم، چونكە هەژار بە ئێمەی نەگوتبوو سەفەر دەكەم". ئیدی جوان دەكەوێتە دڵەخورپە و تەلەفۆن بۆ هەژار دەكات، بەڵام وەڵام ناداتەوە. دایكی پێیدەڵێت لێی بگەڕێ‌ رەنگە ماندوو بووبێت و خەوتبێ‌، بۆیە جوان واز لە تەلەفۆنكردن دێنێ‌.
    جوان بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی چیرۆكی ئەو بەیانییە "بەیانی هاوڕێیەكی كۆمپانیای هات بۆ ماڵی باوكم، چونكە دەیزانی لەوێین، پێیگوتم كاك هەژار ئەمڕۆ نەهاتووەتە دەوام، زۆریش كارمان پێی بووە، دەبووایە بچووبایە بۆ فڕۆكەخانە بۆ پێشوازی لە وەفدێك، چونكە هەژار وەرگێڕ و شوفێری كۆمپانیاكە بوو".
    "جوان ماڵت وێران بوو"
    نەچوونی هەژار بۆ سەر كار گومان لەلای جوان دروست دەكات و تەلەفۆنی بۆ دەكاتەوە، بەڵام هەر وەڵام ناداتەوە. ئێوارەش دوای رۆژوو شكاندن مۆبایلەكەی دادەخرێ‌. جوان چیدی چاوەڕێ‌ ناكات و خێرا لەگەڵ برای دەچنە ماڵەكەیان.
    جوان دەڵێت "بینیم دەرگاكانی كلیل دابوو، بەڵام منیش كلیلم پێبوو، دەرگاكەم كردەوە و بەرەو ژووری میوانەكە چووم، هەژار لەوێ نەبوو. لەناكاو براكەم هاواری كرد و گوتی جوان ماڵت كاول بوو، هەژار خۆی كوشتووە، رامكرد و بینیم هەژار لە ژووری منداڵەكان سەری دانەواندبوو، ویستم بڕۆم باوەشی پێدا بكەم، براكەم گوتی نەكەی، ئەو خۆی كوشتووە با تۆش تووش نەبیت".
    "نازانم گۆڕەكەی لەكوێیە"
    دراوسێیەكی ماڵی جوان پۆلیس ئاگادار دەكاتەوە، جوانیش كە ژمارەی پوورێكی هەژاری لەلایە، ئاگاداریان دەكاتەوە و ماڵی باوكی هەژار دەگەنە هەولێر. جوان گوتی "خەسووم كە هات، پێیگوتم لە كوڕەكەم نەگەڕای هەتا كوشتت".
    جوان دەڵێت "كە پۆلیس هات، تەرمی هەژاریان برد، دواتر ماڵی باوكی تەرمەكەیان بردبووەوە، ئەوان نەیانهێشت من بچمەوە بۆ كەركووك بۆ پرسەكەی. كچەكەم داوا دەكات بیبەمە سەر گۆڕی باوكی، بەڵام نازانم گۆڕەكەشی لەكوێیە".
    • كۆمێنته‌كانی سایته‌كه‌
    • كۆمێنته‌كانی فه‌یسبوك

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: چیرۆكەكانی ...ژیان. Rating: 5 Reviewed By: Unknown
    Scroll to Top